تبلیغات
خانووچکه‌ی شێعر

خانووچکه‌ی شێعر
لای من هه‌نیسک رازاوه‌ترین شێعره‌ بۆ ده‌ربڕینی ئازار " ئاژوان " 
قالبی ماڵپه‌ڕ

ئێواره‌یه‌ و رژنه‌ی باران ، شریخه‌ شریخی هه‌وره‌کان گوێی هه‌رچی مرۆڤه‌ که‌ڕ ده‌کا ، شه‌قامه‌کان سه‌رئاو گه‌ڕاون ، رێکخه‌ری قوتابخانه‌ چاوێک له‌ کات ژمێر ده‌کا و دوایین زه‌نگی ئه‌مڕۆ لێده‌دا ، مناڵه‌کان وه‌ک هه‌میشه‌ په‌ڕاو ، پێنووس ، راسته‌ و که‌ره‌سته‌کانی تریان له‌ کیفه‌کانیان داوێن و به‌ره‌و ماڵێ ده‌چنه‌وه‌ .

 هه‌ڤاڵ له‌ حه‌ساری قوتابخانه‌ دێته‌ ده‌رێ ، که‌وشه‌کانی زاریان کراوه‌یه‌ ، وێده‌چێ تێنوویان بێت ، پێ ده‌نێته‌ شه‌قام و لاقه‌کانی به‌ گۆمی ئاو ده‌سپێرێ ، له‌و کاته‌ که‌ لاقه‌کانی مه‌له‌ ده‌که‌ن ده‌ڕوانێته‌ ئارمین که‌ له‌ولای تر سه‌یوانی هه‌ڵداوه‌ ، ده‌ڵێی چاوه‌ڕێی که‌سێکه‌ ، پێژۆیه‌ک دێ و سواری ده‌کا ، هه‌ڤاڵ له‌ دڵی خۆیدا ده‌ڵێ : ( ئێستا بۆم راده‌گرن یان هه‌ر نه‌بێ چه‌تره‌که‌م ده‌ده‌نێ ) ، پێژۆ ده‌ڕوا بێ وه‌دی هاتنی قسه‌کانی دڵی هه‌ڤاڵ ، چاره‌ی نییه‌ ، رێگا ده‌گرێته‌ به‌ر تا ده‌گاته‌ قوتابخانه‌ی خوشکی ، هه‌ناو هه‌نیسکان دێنێ ، هه‌ڤاڵ ده‌چته‌ کنی ، ماچی ده‌کا ، ئه‌وسا له‌ کۆڵی ده‌کا و ده‌ڕۆن ، شه‌ڵاڵ ده‌گه‌نه‌وه‌ ماڵێ ، له‌ ده‌رگا ده‌ده‌ن ، زڕدایکیان لێیان ده‌کاته‌وه‌ و ده‌ڵێ وه‌رنه‌ ژوورێ به‌ ملی شکاوتانه‌وه .

له‌ ژوورێ بۆنی ترخێنه‌ دێ ، زڕدایکیان ( که‌ژاڵ ) دوو قاپی ‌ به‌ده‌سته‌ ، هه‌ڤاڵ و هه‌ناو ده‌چریکێنن : ئاخ گیان ئێستا گه‌رممان دێته‌وه‌ ، که‌ژاڵ ده‌ڵێ ئه‌وه‌ ئی من و کوڕه‌که‌م کاروانه‌ ، ئێوه‌ گه‌ر بابتان هاته‌وه‌ ده‌گه‌ڵ ئه‌و بخۆن . هه‌ڤاڵ کتێبه‌کانی ده‌کاته‌وه‌ و ده‌ست به‌ خوێندن و نووسین ده‌کا ، وانه‌ی خۆی ته‌واو ده‌بێ و ده‌چێت یارمه‌تی خوشکی بدا که‌ له‌ کوێ کێشه‌ی هه‌یه‌ پێی بڵێ ، شه‌و دره‌نگ بوو ، بابیان نه‌هاته‌وه‌ ، بێ خواردن ، بێ راخه‌ر خه‌ویان لێده‌که‌وێ ، هه‌ژار دێته‌وه‌ ماڵێ و مناڵه‌کانی ده‌باته‌ سه‌رجێ ، شه‌و هه‌ڤاڵ دایکی له‌ خه‌و دێ که‌ به‌ دوو قاپ ترخێنه‌وه‌ دێته‌ لایان ، ده‌یان داتێ و ده‌ڵێ خواحافیز مناڵه‌کان ئیتر کاتیه‌تی من بڕۆم ، هه‌ڤاڵ له‌ خه‌و هه‌ڵده‌ستێ ، ده‌بینێ به‌یانییه‌ ، هه‌ناویش وه‌خه‌به‌ر دێنێ ، هه‌ژار بانگیان ده‌کا : وه‌رن وه‌رن نانه‌که‌تان بخۆن ، له‌ نان خواردن ده‌بنه‌وه‌ ، هه‌ناو ده‌ڵێ : بابه‌ پاره‌مان ده‌یێ بۆ ئه‌وه‌ی پاش نیوڕۆ له‌ قوتابخانه‌ خه‌رجی که‌ین ، هه‌ژار ده‌ڵێ : به‌ خوای رۆڵه‌ هه‌ندێکم دا به‌ دایکت گوتی نازانم چی بۆ کاروان ده‌کڕم و ئه‌وی تریش ده‌بێت ده‌گه‌ڵ ئه‌و پاره‌ی پێشتر وه‌لام ناوه‌ له‌ کرێ خانووی بده‌م ، ده‌ی رۆڵه‌ خواحافیز من ده‌بێ بچمه‌وه‌ قاوه‌خانه‌ ده‌نا کاک هه‌ڵگورد تووڕه‌ ده‌بێ . رۆژ له‌ نیوڕۆ نیزیک ده‌بێ کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ هه‌ناو و هه‌ڤاڵ بچنه‌وه‌ قوتابخانه‌ ، هه‌ڤاڵ چوار بابۆڵه‌ ساز ده‌کا دوویان بۆ خۆی دووشیان بۆ هه‌ناو ، یه‌کیان ده‌رله‌جێ ده‌خۆن و ئه‌وه‌ی تریشیان هه‌ڵده‌گرن بۆ قوتابخانه‌ له‌ بات خه‌رجی .

ئێره‌ قوتابخانه‌ی هه‌ڤاڵه‌ ، زه‌نگی یه‌که‌م واژینیان هه‌یه‌ ، مامۆستا ده‌ڵێ : ده‌ی کوڕه‌کان ده‌ست پێبکه‌ن ، هه‌ڤاڵ خوله‌کێک ڕوو ده‌کاته‌ ئاسمان و دوایی سه‌ر به‌ لێنووسه‌که‌ی داده‌گرێ و ئاوا ده‌ست پێده‌کا :

( سڵاو خوا گیان ، ببووره‌ بێ ناوی تۆ ده‌ستم پێکرد ، ئاخر بیرم کرد کاتێ ده‌گه‌ڵ تۆ ده‌دوێم پێویستی نییه‌ بڵێم به‌ ناوی خوای گه‌وره‌ ، ده‌زانی بۆ ده‌نووسم ؟ شه‌وێکیان دایکم له‌ خه‌ودا پێی گوتم : رۆڵه‌ هه‌ر کاتێ شتێکت هه‌بوو بۆ گوتن بینووسه‌ چون باشتر ده‌مێنێته‌وه‌ ، ده‌ی خوا گیان چۆنی ، ئه‌و سه‌ره‌وانه‌ خۆشه‌ ، راستی خانوه‌که‌ت چه‌نده‌یه‌ ؟ ره‌نگه‌ خانوه‌که‌ت به‌ قه‌د خانووی ته‌واوی مرۆڤه‌کان بێت ، باشه‌ خوایه‌ چ ده‌بێت خانوێکمان بۆ بنێریه‌ خوارێ ، چووکیش بێ قه‌ینا ، به‌سمانه‌ تێیدا ده‌حه‌وێینه‌وه‌ ، حه‌ساری ماڵی هاوڕێی دراوسێمان زۆر گه‌وره‌یه‌ هیچ باخچه‌شی له‌نێو دایه‌ ، ده‌نگی تێکه‌ڵاوی بولبول و چۆله‌که‌کان ئاهه‌نگێکی یه‌جگار خۆش ساز ده‌کا ، خوایه‌ من نه‌ ئاهه‌نگی خۆشم ده‌وێ نه‌ باخچه‌ نه‌ حه‌سار ، به‌س خانوێکی گچکه‌م ده‌وێ لێت ، دوێنێ ئاگات لێبوو باران باری ؟ ببووره‌ بیرم نه‌بوو که‌ تۆ خۆت ده‌بارێنی ! ده‌زانم چاوت له‌وه‌ش بوو که‌ بابی ئارمین به‌ پێژۆ به‌دوای داهات و سواری کرد ، نا نا من پێژۆم ناوێ ، دوو جووت که‌وشم به‌سه‌ یه‌کیان بۆ خۆم ئه‌وی تریش بۆ هه‌ناو ، به‌ هه‌ر دووکمان سه‌یوانێکمان بده‌یه‌ به‌سمانه‌ ، خوایه‌ ده‌زانم تازه دایکمان نانێریه‌وه‌ به‌س ئاگات لێ بێت ، وڵام مه‌ده‌وه‌ جا خۆت بچۆ پاره‌ په‌یدا بکه‌ و ئه‌و شتانه‌ی پێ بکڕه‌ ، خۆت باشتر ده‌زانی که‌ من نیوڕۆیان له‌ قوتابخانه‌م ، شه‌وانه‌ وانه‌که‌م ده‌خوێنم و ڕۆژانه‌ هه‌ر به‌یانی زوو ده‌چم که‌وشی خه‌ڵک بۆیاخ ده‌که‌م ، هه‌ر چییه‌ ئه‌مڕۆ نه‌چووم بیرت چۆته‌وه‌ ، باوه‌ر ناکه‌م ئاخر هیچ شتێک له‌ تۆ شاراوه‌ نییه‌ و هیچ شتێک بیرت ناچێته‌وه‌ ، ئه‌وه‌ش ده‌بینی ئه‌و پاره‌ی له‌ ئیش ده‌ستم ده‌که‌وێ ده‌یده‌م به‌ زڕدایکم ده‌نا رامان ناگرێت له‌ ماڵێ ، ده‌ی خوایه‌ ناتوانم چیتر بنووسم ، ئاخر په‌ڕه‌کانی په‌ڕاوم ته‌واو ده‌بێ و دوایی په‌ڕاوێکی ترم پێ ناکڕێته‌وه‌ ، خۆشم ده‌وێی خوا گیان ئاگات له‌ دایکم بێت ) .

هه‌ڤاڵ واژینه‌که‌ی ده‌خوێنێته‌وه‌ ، مامۆستا په‌ڕاوه‌که‌ی لێوه‌رده‌گرێ و به‌ ئه‌سرین شه‌ڵاڵی ده‌کا ، ماچی ده‌کا و ده‌ڵێ : بژی هه‌ڤاڵ بژی کوڕه‌که‌م ، دوایین زه‌نگ راوه‌سته‌ کارم پێی .

ئێره‌ قوتابخانه‌ی هه‌ناوه‌ ، زه‌نگی یه‌که‌م ته‌واو بووه‌ ، مناڵه‌کان له‌ حه‌سارن ، زۆربه‌یان له‌ پێش دوکان راوه‌ستاون به‌ڵام هه‌ناو پاره‌ی پێ نییه‌ ، بیری دێته‌وه‌ هه‌ڤاڵ دوو بابۆڵه‌ی بۆ کردبوو که‌ یه‌کیانی نه‌خواردووه‌ ، له‌ قوژبنێک دائه‌نیشێ و به‌ هێمنی ده‌ست به‌ خواردن ده‌کا ، هه‌لی حه‌سانه‌وه‌ ته‌واو بووه‌ و ده‌بێ قوتابیه‌کان بچنه‌وه‌ سه‌ر پۆله‌کانیان ، زه‌نگی دووهه‌م پۆلی هه‌ناو رێنووسیان هه‌یه‌ ، بڕیار بوو ئه‌مڕۆ هه‌ناو نژوه‌ وه‌رگرێ ، مامۆستا ده‌ڵێ ده‌ی هه‌ناو ده‌ست پێبکه‌ ، هه‌ناو ده‌ڵێ  هاوڕێیان بنووسن :

                                             به‌ ناوی خوای گه‌وره‌

( لای من هه‌نیسک رازاوه‌ترین شێعره‌ بۆ ده‌ربڕینی ئازار ، خوایه‌ گیان سپاس بۆ تۆ که‌ هه‌نیسکت دامێ تا هه‌موو که‌م و کورتیه‌کانی پێ له‌ناو به‌م ، بیرم نایه‌ له‌ کام کتێبه‌دا ئه‌م رسته‌م خوێندۆته‌وه‌ که‌ نووسه‌ر ده‌ڵێ : له‌ سه‌ره‌تادا وشه‌ هه‌بوو،وشه‌ لای خوا بوو،وشه‌ خوا بوو ، به‌ڵام ده‌زانم گه‌ر وشه‌ نه‌بێ هۆنراوه‌ش نابێ که‌واته‌ یه‌که‌مین شاعیر واته‌ هۆنه‌ری مێژوو تۆی خوایه‌ ، منیش زۆر خۆشم که‌ هۆنه‌ری هه‌نیسکم ) .

له‌ قوتابخانه‌ی هه‌ڤاڵ زه‌نگی دوایین لێدراوه‌ ، مامۆستا ده‌ستی هه‌ڤاڵ ده‌گرێ ، سواری ماشێنی ده‌کا و ده‌چن به‌ دوای هه‌ناودا ، ده‌یانباته‌ بازار و که‌وش ، په‌ڕاو ، پێنووس و سه‌یوانیان بۆ ده‌کڕێت ، هه‌ندێکیشیان پاره‌ ده‌داتێ ، بۆ یه‌که‌م جاره‌ هه‌ڤاڵ و هه‌ناو خۆشن .




چه‌شنی بابه‌ت: چیرۆک،
[ 1390/05/19 ] [ 01:18 ] [ نادر خزریان " ئاژوان " ]
.: Weblog Themes By Pichak :.

پێناسه‌


بیر بکه‌نه‌وه‌ له‌ زه‌ریایه‌ک که‌وتوون به‌ ناوی دنیا ، له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ده‌س ده‌که‌ن به‌ مه‌له‌ کردن و هه‌ر بیر له‌ نوقم بوون ناکه‌نه‌وه‌ تا ده‌گه‌نه‌ شوێنێک به‌ ناوی گێژ ( خه‌م ) ، ئێستا دوو رێگاتان هه‌یه‌ یان ئه‌وه‌ی له‌ گێژدا نوقم بن یان به‌رده‌وام بن له‌ مه‌له‌ کردن و گێژه‌که‌ تێپه‌ڕ بکه‌ن ، رێگای سێهه‌مێک نییه‌ واته‌ ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ شوێنی ده‌سپێکی مه‌له‌ که‌واته‌ باشترین رێ مه‌له‌ کردنه‌ ئه‌رێ به‌رده‌وامی ژیان .
" ئاژوان "

چه‌شنی بابه‌ته‌کان
زۆرتر
ajwan